زەینەب جەلالیان بۆ زیندانی قەرچەک ڕاگوێزرا

18:39 - 13 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕ، "زەینەب جەلالیان''، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ماکۆ، بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، لە زیندانی خۆی بۆ زیندانەکانی ورمی، کرماشان و ئێڤینی شاری تاران ڕاگوێزرابوو.

سەرچاوەیەکانی نزیک لە بنەماڵەی جەلالیان باس لە "ئەگەری دۆسیەسازیی نوێ بۆ زەینەب و ڕاگواستنی بۆ تاران بۆ لێپرسینەوە" دەکەن.

ماوەیەک پێش، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردبوو کە کۆتایی بە زیندانیی نادادپەروەرانەی زەینەب جەلالیان بهێنن.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ لەسەر بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری نیزام، بۆ زیندان  گۆڕدرا و کەم کرابووە.

"زەینەب" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شارستانی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە.