"زەینەب جەلالیان" بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا

11:45 - 7 رەزبەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەر، "زەینەب جەلالیان" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ، لە زیندانی کرمان بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە لە پەیوندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزراوە.

زەینەب جەلالیان ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە هۆکاری نادیار لە زیندانی خۆی ڕەوانەی زیندانی کرماشان و دواتر لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی قرەچەکی وەرامین ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، "زەینەب جەلالیان" لەگەڵ گەڵاڵەی ڕاگواستنەوەی بۆ زیندانی خۆی یان زیندانی ئێڤین مانی لە خواردن گرتبوو، ماوەیەک پێش کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ لە زیندانی قەرچەکی وەرامین بۆ زیندانی کرمان دوور خرایەوە و  ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ بە ئامادەبوونی دوو کەس لە مەئموورانی ئەمنییەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تەلەفۆنی قسەی کردووە و ڕایگەیاندبوو کە مافی نییە بە زمانی کوردی قسە بکات و دەبێ بە زمانی فارسی قسە بکات.

پێشتر "دەنیز جەلالیان" خوشکی "زەینەب" سەبارەت بە دوایین بارودۆخی خوشکەکەی لە وتووێژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هەروەک دەزانن ماوەی ١٣ ساڵە زەینەب لە زینداندایە و لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و تووشی چەندین جۆر نەخۆشین بووە. زۆربەی کاتەکان گوشارەکان لەسەر زەینەبە بۆ  ئەوەی ناچاری بکەن کە دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام بدات و هاوکاریی هێزە ئەمنییەتییەکان بکات".

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە، بەڵام دواتر لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٠ لەسەر بڕیاری لێبووردنی ڕێبەری نیزام، بۆ زیندان  گۆڕدرا و کەم کرابووەوە.

"زەینەب" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شاری ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لەدایک بووە.