زەوی و زارەکانی کوردستان مین ڕێژ دەکرێنەوە

16:21 - 23 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەشێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی شاری مەریوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە دانانی مین، سەر لە نوێ ئالوودە کرانەوە.

بەپیی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، گرووپی ناسراو بە یەکە ئەندازیارییەکانی سپای قودس، لە بەشێک لە زەوییەکانی شاری مەریوان هەوڵی چاندنی دووبارەی مینیان داوە.

ئەو مینە چێندراونە لە مۆدێلی جۆری ڕووسیە کە کێشێکی کەمیان هەیە و هێزێکی کوشندەی گەورەی هەیە.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شاری مەریوان بە ئاژانسی کوردپایان ڕاگەیاندووە، ئێمە بە چاوی خۆمان شایەتی چاندنی ئەو مینانە بووین و هیچ جۆرە نیشانەیەکی تایبەتیان پێوە دیار نەبووە.

کارناسێکی بواری هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، ڕایگەیاند: ئەو ناوچە ئاماژە پێکراوانە لە نزیکەی گوندی سنووریی ساوجی لەگەڵ هێلی جیاکەرەوەی شاری پێنجوێن هاوسنوورە.

\"\"پێشتریش یەکێک لە فەرماندەکانی سپا لە شاری مەریوان بە هەواڵدەرییە خۆجێیەکانی گوتبوو کە هێزەکانی ژێر کونتڕۆلی ئەو، لە بەرزاییەکانی ٢١٠٠ مێتری سوورت جێگیر کراون و بە وتەی ئەو بەرپرسە نیزامییە، ئەو هەوڵە بە مەبەستی جێگیر کردنی ئەمنیەت لە خالی سێفری سنووری‌دایە.

ئاوات بازیار لەو وتوێژەدا ئەوەی دووپات کردەوە کە سپای پاسداران، بە تایبەتی لقی دەرەکی (سپای قودس) لەو مەسەلەیەدا دەستی هەیە، چوونکە هیچ نیشانەیەک لەسەر مینەکان کە جێ ئاماژە بێت بۆ ڕستەی پیادە نیزام، رێکخراو یان یەگانی ئەندازیاری، لەسەر مینە چێندراوەکان‌ بەدی ناکرێت.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکار و پاڵنەری سەرەکی ئەو کردەوەیە، ڕایگەیاند: جمۆجۆڵی سیاسی_تەشکیلاتیی حیزبە کوردستانییەکان و شەڕ و تێکەڵچوونی ئەم دووایانەی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکان، سپای پاسدرانی خستووەتە جمۆجۆڵ.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە لە بەر دەستی بازیار دایە، زیاتر لە هەزار و ٧٠٠پایگای مینڕێژ کراو و سەدان کیلۆمێتر مێنڕێژکراوی ئەندازیاری، لە ناوچەکانی پارێزگای کرماشان و ئیلام لەلایەن ئەرتەش و سپاوە بوونیان هەیە.

سەبارەت بە بانگەشەکانی بەرپرسانی حکوومەت بۆ خاوێنکردنەوەی زەوییە ئالوودەبووەکان بە مین لە کوردستان، ئەو کارناسە بە ئاژانسی کوردپا دەڵێت: ئەو هەڵگرتنەوە و خاوێنکردنەوانە کەمتر لە ٥٠% ی ناوچە ئالوودە بووەکانی بەمین، بە ئەژمار دێت.

بەوتەی ئاوات بازیار، پرسی مین لە حکوومەتی ئیسلامی بە تەواوەتی ئەمنیەتییە و سەڕەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتانی جیهان لەمەڕ نەهێشتنی چاندنی مین، حکوومەتی ئیسلامی لەو بوارەدا بە چڕی لە هەوڵەکانی بەردەوامە.