زەمانە زیویە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا

10:28 - 12 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمە، زەمانە زیویە خەڵکی سەقز لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندان بارمتە قۆرسیان بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو هاووڵاتییە زیندانییە داوا کردووە.

ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندان زەمانە زیویە لەگەڵ "مێقداد حەسەن‌نژاد" خەڵکی شاری سەقز، پاش دەسبەسەرکرانیان، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمە، "مێقداد (کاردۆخ) حەسەن‌نژاد" خەڵکی شاری سەقز بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، ئەو دوو هاووڵاتیی کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو

زەمانە زیویە خوێندکاری دەرچووی "ماف" لە زانکۆی پەیامی‌نووری شاری سەقز، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

زەمانە زیویە لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز هەر بەو تۆمەتە دادگایی کرابوو و بە ٥٠ قامچی و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی مەحکووم کرابوو.

سزای نەختیی زەمانە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمی لێدانی ٥٠ قامچیی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.