زەریاچەی سروشتیی "گاو ئابدانان"ی ئیلام مەترسیی لە ناوچوونی لەسەرە

15:10 - 1 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: زەریاچەی دوانەی \"گاو ئابدانان\" بە هۆی داڕمانی تەختە بەردەکانی دەوروبەری خۆی لەبەرەبەری لە ناوچوون دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو دەریاچەیە بە مەودای ١٥ کیلۆمیتر دوور لە شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە کە بە هۆی نەبوونی دیوار و لەمپەر لە قەراغ ئەو زەریاچەیە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار، ئەو زەریاچەیەی بەرەوڕووی لە ناوچوون بۆتەوە.

\"10325.jpg\"
کەسانی خۆجێی رایانگەیاندووە کە داڕمانی تەختە بەرد بۆ ناو ئاوی ئەو زەریاچەیە مەترسییەکی گەورەی بۆ لەناوچوونی زەریاچەی \"گاو ئابدانان\" دروست کردووە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە ماوەیەک پێش ئێستا هەندێک لە بەرپرسانی پارێزگاری ئابدانان بەڵێنیی دروست کردنی دیوار و لەمپەریان لە قەراغ ئەو زەریاچەیە دابوو.

ئەو زەریاچەیە لەتەنیشت چیای \" کبیر کوه\" هەڵکەوتووە کە یەکێک لە نایابترین پێکهاتە سرووشتییەکانی ئێران دێتە ئەژمار و لە ئەگەری ئاوڕدانەوەی پێویستی بەرپرسانی ژینگە لەو زەریاچەیە دەتوانی ببێت بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو پارێزگایە.