زەختی شارەوانی کرماشان بۆسەر دەستفرۆشەکانی ئەو شارە

21:12 - 1 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: دەستفرۆشەکانی شاری کرماشان لەلایەن مەئموورانی شارەوانیی ئەو شارەوە هێرشیان کرایە سەر و سەرەڕای ئەوەی کە کەلوپەلەکانیان دەستی بەسەردا گیرا، بەرەوڕووی جەریمەش بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەئموورانی شارەوانیی کرماشان هێرشیان کردۆتە سەر دەستفرۆشەکانی شەهرەکی \"ئیلاهە\" و مەیدانی \"رەسالەت\" و سەرجەم کەلوپەل و شتومەکەکانیشی لێ زەوت کردوون.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: مەئموورانی شارەوانیی لە کاتی هێرش کردنە سەر دەسفرۆشەکان وێڕای سووکایەتی کردن، دەستیان بەسەر ٧ ماشێنی ئەو دەستفرۆشانەشدا گرتووە.

شایەتحاڵەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو کارەی مەئموورانی شارەوانی ناڕەزایەتیی دەستفرۆشان لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دەستفرۆشان و مەئموورانی شارەوانیدا هاتۆتە ئاراوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەر خاوەن ماشێنێک لەلایەن شارەوانییەوە بە ٢٠٠ هەزار تمەن و هەر دەستفرۆشێکیش بە ٧٠ هەتا ٣٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی جەریمە کراون و بەڵێننامەشیان لەمەڕ دووپات نەکردنەوەی ئەو پیشەیە لێ ئەستاندوون.

ئیدارەی شارەوانیی شاری کرماشان بە دەستفرۆشەكانی راگەیاندووە، ئەگەر بێت هەر كەسێك ئەو پیشەیە دووپات بکاتەوە بەرەوڕووی سزای توندتر دەبێتەوە.