\"زەبووری هەقیقەت\" کتێبی پەیڕەوانی ئایینی یاری لەچاپ درا

19:30 - 1 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: توێژەرێکی کورد کتێبی \"زەبووری هەقیقەت\"، کە کۆکراوەی وتەکانی ئایینی یارسانە، چاپ و بڵاوی کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کتێبی زەبووری هەقیقەت، کە وتە پیرۆزەکانی ئایینی یاری لە سەردەمی سیدی براکە و سی و شەش شاعیری کورد لەخۆ دەگرێت، لەلایەن تەیب تاهیری نووسەری کوردی خەڵکی شاری سەحنەوە کۆ کرایەوە و لەچاپ درا.

\"17985.jpg\"
تەیب تاهیری، توێژەری کورد
ئەم کتێبە لە دووتوێی ١١٩٨ لاپەڕەدا لەچاپ دراوەو بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی یارسان، سەید نەسرەدین حەیدەری ساڵی ١٣٨٩ دەقی نووسراوەکە و ئیزنی کار کردن لەسەر ئەو دەقەی بە تەیب تاهیری توێژەری کوردی خەڵکی شاری سەحنە داوە.

بەوتەی تەیب تاهیری نزیک بە ١٠ هەزار کاتژمێر کاتی خۆی بۆ پێداچوونەوەی کتێبی زەبووری هەقیقەت تەرخان کردووە.

\"17988.jpg\"
ئەو توێژەرە کوردە پێشتریش کتێبی (سەرەنجام)ی ئامادەی چاپ کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لە ئێران مۆڵەتی چاپی پێنەدرا، ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کورد لە هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوی کردەوە.

تەیب تاهیری نووسەر و توێژەری کورد، ساڵی ١٣٥٧ لە شاری سەحنەی سەربە ئوستانی کرماشان لە دایک بووە.