زینداییەکی سیاسیی کورد پاش نزیک بە ٢٣ ساڵ مانەوە لە زیندان، ١٠ ساڵ زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپا

15:37 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: عوسمان مستەفاپوور زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەری دایە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی دیکەی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابۆک\" حوکمی زیندانیی عوسمان مستەفاپووری بۆ ٣٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری زیاد کرد.

\"18333.jpg\"
عوسمان مستەفاپوور گیراوی سیاسیی کوردی خەڵکی پیرانشار ماوەی ٢٢ ساڵ و ٥ مانگە لە زیندانی ورمێ لەدەستبەسەری دایە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا، گوتی: دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو ١٠ ساڵ زیندانییەی بە تۆمەتی بەشداری کردن لەشەڕدا بەسەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپاندووە.

عوسمان مستەفاپوور مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ ی هەتاوی دەستبەسەر کراو و دواتر بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

هەروەها مەلا جاسم دڵنشین و ئەیوب جهانگیری، کە هاوڕێ لەگەڵ عوسمان مستەفاپوور دەستبەسەر کرابوون، لە ساڵانی ١٣٧١ و ١٣٧٢دا لە زیندانی ورمێ‌ لەسێدارە دران.

ئەو گیراوە سیاسیە کوردەی خەڵکی پیرانشار، هەنووکە ٢٢ ساڵ و ٥ مانگە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دەستبەسەری دایە و هەتا ئێستاش ١ رۆژ مەرەخەسی پینەدراوە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ١٣٩٠ لە رەنجامەیەکدا، داوای لە رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا کردبوو، كە لەبارەی رەوتی دادگایی و بە فێڕوو چوونی زیاتر بیست ساڵ لە تەمەنی و لاویەتی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا، لێکۆڵینەوە بکەن.