زیندانیەکی سیاسی کورد حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

15:34 - 29 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی بۆ زیندانییەکی سیاسی کورد بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لقی دوو دادگای ئینقلابی شاری ورمێ حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بە سەر زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی\"بەشیر پیر ماوانە\" خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ ڕاگەیەندراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەوە بڵاوی کردەوە کە؛ ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەشیر پیر ماوانە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەتی ئیتلاعاتی شاری ورمێ دا لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە و دواتر بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوەتەوە.
]
ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە تۆمەتی هەولدان دژی تەناهی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

دادگایی کردنی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لەلایەن لقی 2ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی\"دادوەر شەیخلوو\" بەڕێوەچووە و ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوە حوکمەکەیان پێ ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوودا، ٥٦٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن هێزە ئەمنیەتی_ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە لە کۆی ئەو ڕێژەیە بۆ ١١٩ هاووڵاتیی کورد حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

پێشتر شیرین عێبادی لە وتووێژێک لەگەڵ ڕاگەیەنەکاندا گوتبووی کە؛ \"دۆخی دەزگای دادوەری ڕوونە و ساڵەهایە سەربەخۆیی لەدەست داوە و بووەتە لقێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان.\"