زیندانیەکی بە هۆی پێڕا نەگەیشتنی پزیشکی گیانی لە دەست دا

15:18 - 30 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی زیندانیی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە بە هۆی پێڕانەگەیشتن و نەبوونی چارەسەری پزیشکی، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی جۆزەردان، زیندانییەک لە زیندانی ناوەندی شاری سنە بە ناوی\"فەردین فەرامەرزی\" بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشینی دڵ و ئیزن نەدانی بەرپرسانی زیندان بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیان لە دەست دا.

ئەو زیندانییە بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی زیندان، گیانی لە دەست داوە.

دەوترێ، فەردین فەرامەرزی بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی دوو جار سەردانی بێهداری کردبوو، بەڵام بەبێ هێچ جۆرە پێڕاگەیشتنێک دووبارە گەڕێندراوەتەوە بەندەکەی خۆی.

ئەو زیندانییە، کاتژمێر چواری سەر لە بەیانی ڕۆژی رابردوو بە بێهوشی لەلایەن هاوبەندەکانییەوە گواستراوتەوە بۆ بێهداری، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمی و گوێپێنەدانی بەرپرسانی زیندان گیانی لە دەست داوە.

فەردین فەرامەزری بە تۆمەتی پەیوەندییدار لەگەڵ ماددەی سڕکەر لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە ١٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.

سەرەڕای تەئیدی\"عدم تحمل کیفر\"ی ئەو زیندانییە لە لایەن پزیشکی یاسایی، فەردین لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ڕاگیرا بوو.