زیندانییەكی كورد لە بەندەرعەباس لەسێدارە درا

15:49 - 10 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس حوكمی سێدارەی حەوت كەسیان جێبەجێ کرد، كە یەکێک لەو کەسانە هاووڵاتییەکی کورد بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی حەفتەی رابردوو زیندانییەكی كورد بەناوی ئیدریس حەسەن‌‌زادە كوڕی ئیبراهیم لە زیندانی بەندەرعەباس لەسێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەنی ٣٦ ساڵ و خەڵكی شاری شنۆ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بوو.

بەپێی ئەو هەواڵەی كەلە ماڵپەڕی دادگوستەریی ئوستانی هورموزگان بڵاو بۆتەوە، ئەو زیندانییە كوردە هاوڕی لەگەڵ شەش كەسی دیكە بە بازرگانی كردن بە \"مادە سڕكەرەكان\" تاوانبار كرابوون.

حوكمی لەسێدارە دانی ئیدریس حەسەن‌زادە لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شارستانی \"بەندەر خەمیر\"‌ـەوە دەركرابوو.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە كوردە ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە، رێكەوتی ٦‌ی خەرمانان رادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.