زیندانییەكی سیاسیی كوردی مەحكووم بە ئیعدام مانی لە خواردن گرت

21:58 - 26 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ بڵاویان كردەوە حەبیبوڵڵا ئەفشاری زیندانیی سیاسیی كوردی مەحكووم بە ئیعدام لە ورمێ‌ لەبەر زەخت و گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەكەی، مانی لە خواردن گرتووە.

هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی كردەوە، ئەو زیندانیە سیاسیە كوردە پاش ئەوەی كە ئاگادار كراوەتەوە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بنەماڵەكەی خراوەتە ژێر زەخت و گوشارەوە، مانی لە خواردنی وشك گرتووە و هەر بەم بۆنەوە لەلایەن مەئموورانی زیندانەوە رەوانەی ژووری تاكەكەسی كراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە ماوەی مانگەكانی پێشسوودا شوێنی كاسبیی هاوسەری ناوبراوی واتە \"سروە مەحموودزادە\"ی پولومپ كردووە و هەروەها پێشیان بە پیشەی ناوبراو كە بەرگدوورە گرتووە و نەیانهێشتووە لە شوێنێكی تر دووكان بكاتەوە.

حەبیبوڵڵا ئەفشای هاوڕی لەگەڵ براكەی واتە عەلی ئەفشاری لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تاوانی \"محاربە\" و ئەندامەتی لە حیزبێكی كوردیی دژبەری حكوومەت بە ئیعدام مەحكوم كراوە و لە مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوودا بۆ زیندانی گشتیی ورمێ‌ راگوێزرا.