زیندانییەكی سیاسی كورد بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێ‌

14:04 - 22 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: زیندانییەكی كوردی تەمەن ٤٥ ساڵ لەگرتووخانەی میناب، بەهۆی ئەشكەنجەوە تووشی نەخۆشی و ئازاری جەستەیی بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: محەممەد حوسێن رەزایی كە ماوەی سێ‌ساڵە لەدەستبەسەری دایە بە هۆی ئازار و شكانی شانی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بەرپرسانی ناو زیندانی میناب رێگرییان لێكردووە و ئیزنی چارەسەریی پزیشكی پێنادەن.

لەو پێوەندییەدا كەمپەینی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەئێران بڵاوی كردبوویەوە، محەممەد حوسێن رەزایی لەكاتی دەستبەسەریی لەگرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سنەدا، بە هۆی لێدان و ئەشكەنجە و هەروەها هەڵواسینی شانی شكاوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

\"23145.jpg\"
محەممەد حوسێن رەزایی وئەفشین سوهراب‌زادە
ئەو هاووڵاتییە كوردە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران لە دەورووبەری شاری سنە دەستبەسەر كراوە.
محەممەد، گەلاوێژی ١٣٩١ لە لقی دادگای \"ئینقلابی\" شاری سنە بە ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی میناب حوكم دراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی ناو زیندان و دوورخستنەوەی بۆ میناب بۆ ماوەی یەك حەفتە لێوەكانی خۆی هەڵدوریبوو.

لەحاڵی حازردا ئەو هاووڵاتییە كوردە لەدۆخێكی زۆر خرابی جەستەیدا بەسەر دەبات و شوێنی شكانەكەشی تووشی هەوكردن(چڵك) بووە.

چەند رۆژ پێش ئێستاش زیندانییەكی سیاسیی دیكەی كوردی خەڵكی شاری كرماشان كە لەگرتووخانەی میناب لەدەستبەسەریدایە بە هۆی رێگریی بەردەوامی بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەكان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەكەی، تووشی شێرپەنجە بووە.

ئەفشین سوهراب‌زادە كە ماوەی پێنج ساڵە لەگرتووخانەكانی حكوومەتی ئیسلامی دایە، دوای كێشانی ئازارێكی زۆری جەستەیی و بێبەری بوونی لەچارەسەریی پزیشكی سەرەنجام دەركەوتووە كە تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە
بووە.