زیندانییەکی کوردی خەڵکی ئیلام بەشێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی کەرەج کوژرا

20:32 - 19 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەلكی شاری ئیلام، لە ئەنجامی شەڕێک‌دا لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەلی ئیلامی تەمەن ٣٢ ساڵ رۆژی شەممەی رابردوو رێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە ساڵۆنی ژوورە تاکە کەسییەکانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج‌دا و بە زەبری تیزیی نەشتەرگەری کوژرا.

دەگوترێت کە ئەو زیندانییە کوردە، بە زەبری تیزی لە سەر دڵی و لا کەلەکەی دراوە و بۆ ماوەی ١ کاتژمێر خوێنی لەبەر رۆیشتووە، کە بەهۆی درەنگ گەیاندن بە بێهداریی نێو زیندان گیانی لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران بڵاوی کردەوە، کە عەلی ئیلامی ماوەیەک پێش ئیستا لە بەندی ٣ی نێو زیندانەوە بۆ ژووری تاکە کەسی راگوێزرابوو.

کوژرانی ئەو زیندانییە کوردە لە حاڵێکدایە، کە ئەو زیندانییانەی بۆ ژووری تاکە کەسی دەبردرێن، ئیزنی بردنی هیچ جۆرە کەلوپەلێکی شەخسییان پی نادرێت.

بەوتەی ئەو زیندانیانەی کەلە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئازاد کراون، ئەو زیندانیانەی لە هەمبەر فشار و ئەزیەتی بەرپرسانی زیندان و زیندانبانەکاندا ناڕەزایەتی دەرئەبڕین، لەلایەن \"باندە مافیاییەکان\"ی نێو زیندانەوە هەوڵی سڕینەوەی فیزیکییان ئەدرێت.

هەروەها بەپێی راپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ١٧٦ زیندانی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە هۆکارەکانی وەکوو خۆکوژی، ئایدز و هیپاتیت، شەڕ و ئاژاوەی نێو زیندان و مەرگی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

پێشتر یەکێک لە زیندانیانی زیندانی رەجایی شار، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا بەشێک لە تێکهەڵچوونەکانی نێو زیندانی بە پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە لە قەلەم داو رایگەیاندبوو: پێڕانەگەیشتن بە تێکهەڵچوونی زیندانیان و ناساندنی و دەسنیشانکردنی کەسی تاوانبار و بێ تاوان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەڵگەی سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەن، کە زۆربەی ئاژاوە و تێکهەڵچوونی نێو زیندان لەلایەن بەرپرسانەوە پلانیان بۆ دادەرێژرێت.