زیندانییەکی کورد، ماوەی حەوت ساڵە بەدەست ئاسەواری ئەشکەنجەوە دەناڵێنێت

15:13 - 4 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی میاندواو، کە لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدایە و لەکاتێکدا بەهۆی ئەشکەنجەوە تووشی ئازاری جەستەییش بووە، ماوەی حەوت ساڵە بەبێ چارەسەریی پزیشکی و مەرەخەسی لە زیندان دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەولوود یەزدانپەنا کوڕی تەها و خەڵکی گوندی تۆپزاوای سەربە شاری میاندواو، رێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٨٧ لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دارەلەکی مەهاباد دەستبەسەر کراو و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و سوپای پاسدارانی مەهاباد لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەروەندەی مەولوود یەزدانپەنا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، مەولوود لە کاتی راگیرانیدا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌دا، شان و چۆکی بەهۆی ئەشکەنجەوە ئازاری پێ گەیشتبوو، کە بەبێ چارەسەر کردن رەوانەی زیندان کرابوو.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، مەولوود لە دەرەوەی زیندان هیچ کەسی نییە، کە بەدواداچوون بۆ دۆسیە و کاروباری دادگای بکات، هەر بۆیە ئەو حوکمە سەرەتاییەی کە دەزگای قەزایی بۆ ئەو ناوبراوی بڕییەوە، وەکوو خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، مەوولوود بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراو هەنووکە ماوەی ٧ ساڵ لەو حوکمەی بەبێ مەرەخەسی تێپەڕاندووە.