زیندانییەکی کورد لەگەڵ ٩ کەسی دیکە لەزیندانی قزلحەسار لەسێدارە درا

21:53 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوانی رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی لە سێدارەدانی ١٠ هاووڵاتی‌یان لەزیندانی قزلحەساری کەرەج بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو زیندانییەکی کورد بەناوی \"سەلاحەدین تەمامی\"، کوڕی فەیزوڵڵا لە زیندانی قیزلحەساری کەرەج لەسێدارە درا.

ئەو لاوە کوردە تەمەنی س٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی \"بەستک‌‌ئاوا\"ی سەربە بەخشی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ بووە.

تەرمی ئەو زیندانییە کوردە لەسێدارە دراوە، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لەگوندی بستک‌ئاوای ورمێ بە خاک سپێردراوە.

سەلاحەدین تەمامی، سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و دواتر حوکمی لەسێدارە دانی بۆ بڕابوویەوە.

هەروەها جەعفەر رەمەزان‌زادە، عەمید قوبادی، فەخرەدین بەشارەتی، نوورەدین قۆیتاسی، جەعفەر ئەربابی و عەلی قوبادی هاوکات لەگەڵ ئەو زیندانییە کوردە لەسێدارە دراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی قیزلحەسارەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوولە کاتی راگواستنی ئەو زیندانییانە بۆ ژووری تاکە کەسی، لەگەڵ گاردی نێو زیندان، ئەفسەر نیگابان و بەرپرسانی نیو زیندان تووشی تێکهەڵچوون هاتوون\".

هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی کردۆتەوە، زیندانی قیزلحەسار تەنیا ١١ شوێنی بەرێوە بردنی بۆ لەسێدارەدان لە رێگەی پەتی سێدارەوە هەیە، بەڵام بەرپرسان هەمیشە چەند کەسێکی زیادی بۆ ژووری تاکە کەسی رادەگوێزن و پاش ئەوەی ئەو ١١ کەسە لەسێدارە دران، ئەو کەسانەی دیکە بۆ نێو بەندی زیندان دەگەڕێننەوە.