زیندانییەکی کورد لە ئیتلاعاتی سنە گەڕێندرایەوە زیندانی مەریوان

13:26 - 12 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ٨٥ ڕۆژ لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، گەڕێندرایەوە زیندانی گشتیی مەریوان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"هوشیاری کەسرایی\"، کوڕی ڕەشید، خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، پاش ٨٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانی گشتیی شاری مەریوان گەڕێندرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ پووشپەڕ، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"وریا فەرەجی\"، تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عەبدوڵڵا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بۆ \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە.