زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ گیانی لە دەست دا

16:06 - 13 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژ، زیندانییەکی کورد، بە ناوی \"مەولوود وەنەوشە\"، خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی \"پێڕانەگەیشتنی پزیشکی\" لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو زیندانییە کوردە، لە زینداندا، تووشی نەخۆشیی ڕیخۆڵە بووە، بە هۆی پێڕانەگەیشتن و هەڵەی پزیشکی و نەناردنی بۆ نەخۆشخانە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی \"مەشرووبات\"، ماوەی چوار ساڵە لە زینداندا بوو و چوار مانگ پێشتر لە زیندانی شاری مەهاباد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە پزیشکی یاسایییە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.