زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا

16:31 - 16 رێبەندان 2719

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن ئازەریوون" کوڕی "عەبدوڵڵا"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، "حوسێن ئازەریون"، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"  تاوانبار و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە "پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.