زیندانییەکی کورد، لە زیندانی قەزوێن لە سێدارە دار

15:03 - 12 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی شاری قەزوێن، زیندانییەکی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە لە سێدارە دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەکی کورد بە ناوی \"عەلی شوکری\" خەڵکی گوندی \"تەرزیلوو\"ی شاری ورمێ، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، لە زیندانی \"چوبیندر\"ی شاری قەزوێن جێبەجێ کرا.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، لە لایەن دەزگای قەزایی شاری قەزوێنەوە پشتڕاست کرابووە.

ئەو زیندانییە ئیعدام کراوە، لە کاتی دەسبەسەر کردنیدا، تەمەنی و٢١ ساڵ بووە و لەگەڵ کەسێک تووشی شەڕ دەبێت و پاش بریندارکردنی، ئەو کەس پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردووتەوە کە، حوکمی لە سێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی چوبیندەری شاری قەزوێن جێبەجێ کراوە.