زیندانییەکی کورد، لە زیندانی بۆکان چارەنووسی ناڕوونە

15:40 - 23 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، کە ماوەی یەک ساڵە لە زیندانی شاری بۆکان دایە، چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"حوسێن ئیبراهیم حەمزە\" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی \"قەرەگۆل\" سەر بە شاری بۆکان زیاتر لە یەک ساڵە چارەنووسی لە زیندانی شاری بۆکان ناڕوونە و هەتا ئێستە ناوبراو دادگایی نەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەڕ ناڕوونی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی بۆکان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بۆکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە هەبوونی پارێزەر بێبەری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگەی ئازار و ئەشکەنجەوە، هەوڵیان داوە، کە ئەو هاووڵاتییە کوردە ناچار بە دانپێنانی درۆیین و زۆرەملێ ببێت.

ساڵی ڕابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"ئەندام بوون و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا دۆسیەی قەزایی ناوبراو ڕەوتی ئاسایی خۆی تێنەپەڕاندووە و چارەنووسی لەو ماوەیەدا، بە ناڕوونی ماوتەوە.