زیندانییەکی کورد لە دیزڵ‌ئابادی کرماشان لێوی خۆی هەڵدوری

16:58 - 3 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی عەقیدەتیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە بارودۆخی خراپی نێو زیندان و هەڵسووکەوتی نەشیاو هەڵاواردنکارانەی بەرپرسانی زیندان، لێوەکانی هەڵدوری.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لایق کوردپوور زیندانیی عەقیدەتی، کە ماوەی نزیک بە چوار ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەدەستبەسەری‌دایە، ماوەی ٩ رۆژە لێوەکانی خۆی هەڵدوریوەو مانی لە خواردن گرتووە.

\"20744.jpg\"
لایق کوردپوور زیندانیی عەقیدەتی، لێوەکانی خۆی هەڵدوریوەو مانی لە خواردن گرتووە
بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانیە عەقیدەتییە، لایق کوردپوور لەمەڕ خۆ بواردنی بەرپرسانی زیندان لە وڵامدانەوە بە داخوازیی راگوازێرانی بۆ زیندانی شاری پاوە لێوەکانی خۆی دوریوەو بەرپرسانی زیندان هیچ وڵامێکیان بەو زیندانییە کوردە نەداوەتەوە.

لایەق کوردپوور، کە بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر و پاش دوو مانگ دەستبەسەری، رەوانەی ئیتلاعاتی کرماشان کراو پاشان بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین و پاشان زیندانی رەجایێ شار راگوێزرا.

ئەو زیندانییە عەقیدەتییە؛ دواتر لە زیندانی رەجایی شارەوە بۆ زیندانی شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان گەڕێندراویەوەو لەوێشەوە رەوانەی زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان کرا و هەنووکە لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و رۆحی‌دایە.

دەگوترێت، کە پێشتر ماوەی ١ ساڵ و ٨ مانگ لە حوکمی ئەو چالاکە مەزهەبییە، کەوتبوویە بەر لێبوردن، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە.

لایق کوردپوور لە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانەوە لێوی خۆی دوریوەو مانی لە خواردنیش گرتووەو هەتا ئێستا هیچکام لە بەرپرسان بەدەم داخوازییەکانییەوە نەچوونە.