زیندانییەکی کورد ٢٣ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە و بەرپرسانیش وڵامیان نەداوەتەوە

21:44 - 9 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای مانگرتنی کەریم مووسازادە لە زیندانی بەندەرعەباس، داواکارییەکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەگەڵ کەمتەرخەمیی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو بۆتەوە و بەرپرسانیش رێگری لە چارەسەریی پزیشکییەکەی دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زینداییەکی سیاسیی کوردبە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵسووکەوتی بەرپرسانی دەزگای قەزایی و زیندانی ناوەندیی بەندەر عەباس، لە رۆژی شەممە ریکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ئەمساڵەوە مانی لە خواردن گرتووە.

کەریم مووسازادە، کە لە ئەنجامی بڕیار و حوکمی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بۆ زیندانی بەندەرعەباس دوورخراوەتەوەو لە بەندی حەوتی ئەو زیندانەدا راگیراوە، بەدەست ئازاری ماعیدە و نێوسکیەوە دەناڵێنێ.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانییە سیاسی و مەدەنییەکان بڵاوی کردۆتەوە، بارودۆخی جەستەیی کەریم مووسازادە لە ماوەی ئەو ٢٣ رۆژەدا بەرەو خراپتر بوون چووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی ورمێ، رێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر کراو دواتر عوکمی ٦ سال زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە، کە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی هەمان ساڵ لە زیندانی ناوەندیی \"ورمێ\"وە بۆ زیندانی ناوەندیی بەندەرعەباس دوورخرایەوە.

شاری بەندەرعەباس زیاتر لە ٢ هەزار کیلۆمیتر لە زێدی کەریم مووسازادەوە دوورەو بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ٢٠ چالاکی سیاسی لە زیندانەکانی باشوری ئێراندا لە دەستبەسەریدان.

گەرمای وەرزی هاوین لە شارەکانی باشوری ئێران زیاتر لە ٥٠ پلەی سەدییە و بە بڕوای چالاکانی سیاسی، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو، زیندانییە کوردەکان بۆ زیندانەکانی باشووری ئێران دوور دەخاتەوە.