زیندانییەکی کورد خەڵکی شاری شائاباد لە زیندانی ئەو شارە ئێعدام کرا

16:01 - 13 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردیان جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شائاباد لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئێعدام کرا.

شوناسی ئەو زیندانییە ئێعدام کراوە بە ناوەی \"ئەعزەم خەزایی\" خەڵکی گوندی \"پلنگرد\" و کوڕی کەربەلایی محەممەد خەزایی ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە لە شاری شائاباد بە تۆمەتی \"قتل\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و منداڵێکی هەیە؛ پێشتر لە زینداندا بووە و لە ماوەی زیندانی بوونیدا، بە هاندنی کۆمەڵێک کەس خێزانی لە ئەعزەم جیابووتەوە، ئەم هاووڵاتییە پاش ئازاد بوون لە زیندان خێزانی پێشووی خۆی کوشتووە.

ئێعدام کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن ڕاگەیاندن و میدیاکانی حکوومەتی ئێرانەوە ڕووماڵ نەکراوە.

ئێران، پاش وڵاتی چین بە دووهەمین وڵات لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییان بە ئەژمار دێت.