زیندانییەکی کورد بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە گیانی لەدەست دا

16:11 - 20 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و درەنگکردن لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە، لە زیندانی شاری ورمێدا گیانی خۆی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە، ١٩ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی کورد بە ناوی "مەرعان خەمۆ" کوڕێی "حاجی قاسم"، خەڵکی گوندی "کەڵان کانیـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی خێرای پزیشکی، گیانی خۆی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێوە، ئەم زیندانییە ڕۆژی هەینی، ١٧ی خەزەڵوەر، دوای دۆخی نەگونجاوی تەندروستیی لەشی، بۆ بێهداریی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و بێ ئەوەی دۆخی چاک ببێتەوە، بۆ بەندی ١٥ نێردرا.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "بەرپرسانی زیندانی ورمێ لە ناردنی ئەم زیندانییە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆیان بواردبوو و ناوبراو شەوی یەکشەممە، ١٩ی خەزەڵوەر، بەهۆی دۆخی خراپی تەندروستیی، گیانی لەدەست دا".

ئەم زیندانییە کوردە، ساڵی ٩٤ی هەتاوی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە "قیساس" مەحکووم کرابوو.