زیندانییەکی کورد بە دانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

14:43 - 1 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد خەڵکی شاری قوروە سەر بە پارێزگای کوردستان، پاش دوو مانگ و نیو، بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣٠ ڕێبەندان، \"سابیر نادری\" ئەندازیاری نەرمەئامێر و خەڵکی شاری قوروە، بە دانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرد.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە پاش ٧٠ ڕۆژ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوزێزرایەوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە چواردەی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی قوروە لە پارێزگای کوردستان، هێرشیان کردووە سەر ماڵی سابیر نادری و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.

لەو هێرشەدا کە نزیک بە ٢٠ هێزی چەکدار تێدا بەشداربوونە، هێرشبەرانی ئیتلاعات کەشێکی ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکە پێکهێنابوو.

هەروەها هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو ئەندازیارە کوردەدا، چەند بەرگ پەرتووک و نامیلکە، سێ لەپتاپ و مۆبایلی هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی نادری، لەلایەن ئەو هیزەانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

ئیتلاعات \"بەبێ بەڵگەی یاسایی\" و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا \"هەڵسوکەوتی توندوتیژانە\" بەرانبەر دەستبەسەر کراوەکان دەنوێنێت و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان خۆیان دەبوێرن.

لینکی پەیوەندیدار:
بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی کامپیۆتر لە قوروە دەستبەسەر کرا
ماوەی دەستبەسەریی ئەندازیارێکی کورد درێژ کرایەوە