زیندانییەکی کورد، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٧٥٠ میلیۆن تەمەنی ئازاد کرا

14:46 - 12 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، \"مستەفا مستەفەوی\"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، پاش ٦ مانگ زیندانیبوون لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد و ٧٥٠ میلیۆن تەمەنی، ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، لە شاری بۆکاندا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەربوون، بۆ ماوەی ٢٧ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە و دواتر بۆ بەندی ٣ و ٤ و دواتر بۆ بەندی ١٢ی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، بۆ لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات کرا و پاش ٨٢ لێکۆڵینەوە، دووبارە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ڕاگوێزرا.