زیندانییەکی کورد بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندانی ئیزنی پێنادرێت

10:06 - 29 رێبەندان 2719

زیندانییەکی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ بە ناوی "خوسرەو زەرستان" کوڕی "مەحیەدین" خەڵکی شنۆ، بەهۆی پێشگرتنی بەرپرسانی زیندان، لە چارەسەریی پزیشکی بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە کورد، ماوەی ٥ مانگە بۆ چارەسەریی چاوی نۆرەی گرتووە، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان ناوبراویان بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان نەکردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە کوردە، دەبێت تێچووی دەرمانی شەخسی خۆی بدات.

"خوسرەو زەرستان"، ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێکۆڵینەوەکەی، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

پاشان ناوبراو بە شێوەی "غیابی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دژبەرەکانی ئێران" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە ١٦ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا بوو.

حوکمی ئەو زیندانییە کوردە، لەلایەن "شێخلوو و نەجەفی‌زادە" لە دادوەرانی دادگای ورمێیەوە، بە سەریدا سەپاوە.