زیندانییەکی کورد بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا

14:29 - 1 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری بانە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موتەلب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە کوردە لە زیندانی سنەدا لە چارەسەریی پزیشکی بێبەری بووە و ناوبراو لە بارودۆخێکی جەستەیی خراپدا بووە.

ناوبراو لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە، بەتاوانی هاوکاریی لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، بە ٣١ ساڵ مەحکووم کراوە و ئیزنی بەڕێکردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندانی نەبووە.

مەتەلب ئەحمەدیان، مانگی خەزەڵوەری ٨٩، لە نزیک شاری سەردەشت دەسبەسەر کرا و چەندین مانگ لە ژووی تاکەکەسیی زیندانی شارەکانی سەردەشت و سەقز ڕاگیرابوو.