زیندانییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی ڕەوانە گرتووخانە کرا

15:50 - 23 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد، خەڵکی شاری سەقز، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی، بۆ گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ، فواد کەیخوسرەوی، زیندانیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی ڕەوانە گرتووخانەی ئەو شار کرا.

ئەو زیندانییە کوردە، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\"، بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

حوکمی فواد کەیخوسرەوەی، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ یەک مانگ کەم کرایەوە و ڕۆژی ڕابردوو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی، خۆی بە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ناساندووە.