زیندانییەکی ڕووداوی هوتیل \"تارا\"ی شاری مەهاباد، ئازاد کرا

13:37 - 5 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری مەهاباد، پاش تێپەڕاندنی چوار ساڵ زیندان، لە زیندانی شاری مەهاباد ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز، \"ئومید دەباغچی موکری\"، چالاکێکی مەدەنیی کورد، لە گرتووخانەی شاری مەهاباد پاش تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا.

ئومید دەباغچی موکری، ڕۆژی هەینی ١١ی بانەمەڕی ساڵی ٩٤ و هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی ناڕەزایەتی خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی ڕووداوی هوتێل تارا دەسبەسەر و لە کۆتاییەکانی جۆزەردانی هەمان ساڵدا، بۆ زیندانی شاری مەهاباد ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کردنیدا لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، کە لە دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو باسی لە ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئیتلاعاتی کرد و ڕایگەیاند: \"تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی بە تەواوەتی ڕەت دەکەمەوە\".

دواتر ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد دووبارە دادگایی کراوە و بە چوار ساڵی زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە هەموو جۆرە مورەخەسی و ئازادی مەرجدار بێبەری بووە.