زیندانییەکی مەزهەبی لە زیندانی ورمێ مەرەخەسی پێدرا

16:31 - 2 بەفرانبار 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢ی بەفرانبار، زیندانییەکی مەزهەبی بە ناوی "فاروق لەواشلوویی" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی خوسرەو خەڵکی شاری شنۆ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مەرەخەسی پێدرا.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز لەگەڵ ١٣ زیندانیی سیاسی_مەزهەبیی دیکەدا لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر جێبەجێ‌نەکردنی گەڵالەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوەی سزای زیندان و ئاسانکارییەکان‌ دەستیان دابووە مانگرتنی وشک و لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی دادوەریی ئەو شارە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان، کۆتاییان بە مانگرتنەکانی خۆیان هێنا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لە ماڵەکەی خۆیدا بە تۆمەتی "بانگەشە بۆ پرس و بابەتی مەزهەبی_عەقیدەتیی ئەهلی سونەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە ورمێ کرابوو.

ئەو زیندانییە مەزهەبییە ١٦ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەژێر لێکۆڵینەوە دابووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتبوو.

فاروق لەواشلوویی لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "نەجەف‌زادە" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپی جبهە تولنوسرە" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بەو حوکمە، ئەو حوکمە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی "مەحبووبی" بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیریی کەم کرابوویەوه.