زیندانییەکی عەقیدەتیی کورد لە بەندی قەرەنتینەی زیندانی ورمێ ڕاگیراوە

12:24 - 8 خاکەلێوه 2720

زیندانییەکی عەقیدەتیی کورد بە ناوی "عەبدولسەلام مەردان" خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، پاش ئەوەیکە بە شێوەی ئورژانسی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانی ورمێ کرابوو، پاش گەڕانەوەی، بۆ بەندی قەرەنتینەی تایبەتی زیندانییانی گومانلێکراو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە کوردە دەبێ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە بەندی قەرەنتینەدا بێت.

ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوە، ئەو زیندانییە کوردە بەهۆی یاو و لەرزی توند، بۆ تاقیکاریی کۆرۆنا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کرابوو.

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندان، "سەلام مەردان" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی، مانی لە خواردن گرتووە، ئەو زیندانییە بۆ حەوتەمین کەڕەت بۆ دادگاییکردن ڕەوانەی دادگا کراوە و هەتا ئێستا حوکمی ئەو زیندانییە دەرنەکراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، ئەو هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرد و بۆ یەکەمجار توانیبووی ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بۆ ماوەی ١٠ خولەک لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتن بکات.