زیندانییەکی سیاسیی کورد پێویستی بە چارەسەریی خێرای پزیشکی هەیە

15:00 - 4 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، پێویستی بە دەوا و دەرمان و چاوەدێریی خێرای پزیشکی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی تەندروستی ئەمیر پەیغامی، زیندانی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی شاری ورمێ نالەبارە و سپای پاسداران لە ناردنی بۆ دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەریی پزیشكی ئەو زیندانییە کوردە دژایەتی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"سپای پاسداران لە چارەسەرکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دەرەوەی زیندان دژایەتی دەکات و تەندروستی ئەمیر پەیغامی نالەبارە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"نەخۆشیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، زۆربەی جەستەی گرتووەتەوە و ناوبراو پێویستی بە چارەسەریی پزیشکییە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە: \"هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان، بە دانانی بارمتە بۆ چارەسەریی ئەو زیندانییە کوردە، لە دەرەوەی زیندانی ڕەزامەندییان دەرنەبڕیوە و ناوبراو دەبێت بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری شیراز بنێردرێت.

ئەمیر پەیغامی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕێكەوتی ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، دادگای نیزامی شاری ورمێ ئەم هاووڵاتییە کوردەی لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوکانی \"تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی\" سەرجەم بە پازدە ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانی کرمان مەحکوم کردبوو.