زیندانییەکی سیاسیی کورد و سێ زیندانیی سیاسیی دیکە لە زیندانی ئێڤین مانیان گرت

11:40 - 17 رێبەندان 2719

ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، "بەرزان محەممەدی"، زیندانیی سیاسیی کورد و سێ زیندانیی سیاسیی دیکی بە ناوەکانی "مەهدی مەسکین نواز، ڕەزا محەممەد حوسێنی و خالید پیرزادە"، لە زیندانی ئێڤین دەستیان دایە مانگرتن.

ئەو چوار زیندانییە سیاسییەی بەندی ٤ی زیندانی ئێڤین، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر بێبەری کردنیان لە دادوەری کردنی نادادپەروەرانە، دژایەتی کردنی دەزگای دادوەری لەگەڵ ئازادیی بێمەرجی ئەوان و لە بەرچاونەگرتن و جیانەکردنەوەی زیندانییان بەپێی تاوانەکانیان، ماوەی ٥ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەرزان محەممەدی لە کاتی ناڕەزایەتییەکەی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دەسبەسەر کرا و لە دادگای سەرەتاییدا، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ناوبراو مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە لایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی تاران، بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.