زیندانییەکی سیاسیی کورد مەرەخەسی پێنادرێت

18:24 - 6 خاکەلێوه 2720

بەرپرسانی زیندانی مەریوان بۆ چەندمین کەڕەت دژایەتی خۆیان بۆ هاتنە مەرەخەسیی "تەحسین دادڕەس" زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "سەردۆش" دەربڕی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، چەندین جار داوای مەرەخەسی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندانی مەریوان لەگەڵ داواکارییەکەی ئەو زیندانییە دژایەتییان کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ساڵی ٩٧، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانی‌بوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو و لە ماوەی دەسبەسەر ردنیدا، لە مافی هاتنە مەرەخەسی بێبەری بووە.

ئێوارەی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری، گۆڕدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.