زیندانییەکی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە چارەسەریی پزیشکی بێبەرییە

15:33 - 9 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی شاری سنە، لە پێڕاگەیشتن بە چارەسەریی پزیشکی بێبەشە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئیعدام، کە ماوەی چەند مانگە بە هۆی نەخۆشیی گورچیلەوە لە زینداندا ئازار دەچێژێ، لە چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بێبەرییە.

ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، برای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، کە بەرپرسانی زیندانی شاری سنە بە ڕامینیان وتووە: تۆ بەم زووانە ئێعدام دەکرێیت، ئیتر پێویستت بە چارەسەریی پزیشکی نییە.

بە وتەی مافناسان، بێبەری بوونی زیندانییان لە چارەسەریی پزیشکی و پزیشکی پسپوڕ کارێکە کە \"بەپێچەوانەی یاسا\" بە ئەژمار دێت.

هەروەها حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاندووە: کە دۆسییەی ڕامین بەپێی ئوسوول و یاسا و ڕێسای حقووقی و یاساکانی دادڕەسیی کەیفەری پێک نەهاتووە، چوونکە لە کاتی دادڕەسیی کەیفەری لە دادسەرا مافی دەستپێڕاگەیشتنی ئازاد بە پارێزەری نەبووە و لە بنەڕەتدا لە دادسەرا پارێزەری دیاریکراوی نەبووە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لە لایەکی دیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە ڕامین دەسبەجێ و خێرا بووە، کە ئەمەش بەپێچەوانەی یاسایە چونکە وا دەردەکەوێت دادگا و دیوانی داکۆکییەکان و بەڵگەکانی منیان پشتگوێ خستووە.

لەو پەیوەندییەدا، سێ کارناسی کاروباری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری سنەیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.