زیندانییەکی سیاسیی کورد ماوەی ١٩ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە

17:00 - 27 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: نیگەرانییەکان لەمەڕ بارودۆخی تەندروستی عەلی‌ڕەزا رەسووڵی، زیندانی سیاسیی کورد لە درێژەی مانگرتنەکەیدا رووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلی‌ڕەزا رەسووڵی زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانیی مەهاباد لە ژووری تاکەکەسی دایە، ماوەی ١٩ رۆژە دەستی لە خواردن هەڵگرتووە و دۆخی جەستەیی ئەو زیندانیە \"مەرترسیدار\" راگەیەندراوە.

بە پێی ئەم هەواڵە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی مەهاباد، سەرەڕای نەخۆشی و پێرانەگەیشتنی پزیشکی، لە ٢١ی جۆزەردانەوە، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردنی وشک.

تاکوو ئێستا داواکارییەکانی ئەو زیندانیە سیاسیە و بنەماڵەکەی بۆ راگواستنی بۆ نەخۆشخانە و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی لە لایەن کاربەردستانی زیندانەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.

\"27003.jpg\"
مانگرتنی عەلی‌ڕەزا رەسووڵی نۆزدەهەمین رۆژی تێپەراند
عەلی‌ڕەزا رەسووڵی پێشتر دوو جار لە زیندانی ورمێ بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی دەستی دابووە مانگرتن.

ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە، لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بۆ ماوەی ٤٩ رۆژ لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو و لەئاکامدا پاش بەڵێنیی بەرپرسان بۆ جێبە‌جێ کردنی داواکارییەکەی دەستی لە مانگرتنەکەی هەڵگرتبوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، رەسووڵی، لە رێکەوتی ١٥ خاکەلێوەی ئەمساڵەو لە زیندانی ناوەندەی ورمێیەوە بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزراوە.

عەلی‌ڕەزا رەسووڵی کە بە نیشانەی پشتیوانی لە قوتابییانی شین‌ئاوێ شاری پیرانشار لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد لە گەل چەند چالاکێکی دیکەی کورد کۆ ببوونەوە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە هێزە کوردییەکان بە سێ ساڵ زیندان حوکم درا.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، بە دەست توومۆر لە هەر دوو ئەژنۆ و پووکانەوەی ئێسک دەناڵێنێت.