زیندانییەکی سیاسیی کورد لە مافی "مورەخەسی" بێبەرییە

11:12 - 7 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مورەخەسی بێبەری کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "تەحسین دادڕەس"، خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی شاری مەریوان، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مورەخەسی بێبەری کراوە و هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان، لە پێدانی مورەخەسی بەو زیندانییە کوردە، خۆیان بواردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، یەک ساڵی پێش بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراوە و لەو ماوەیەدا، لە مافی مورەخەسی بێبەری بووە.

ئێوارەی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری، گۆڕدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.