زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

11:59 - 6 رەشەمه 2719

ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەشەمە، "ڕەحیم مەحموودی‌ئازەر"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، بەنیسبەت داخوازی ناوبراو بۆ ئازادیی بێمەرج، مانیان گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، مانگرتنی ئەو زیندانییەی پشتڕاست کردەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦، دەسبەسەر کرا و پاش مانگێک لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، خەڵکی شاری ورمێیە و مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزا نەجەف‌زادە" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و  هەروەها "کۆبوونەوە و تەبانی" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری  و ساڵێک بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" مەحکووم کرا.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کراوەتەوە و بە پێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، دەبێت ٥ ساڵ لەو ١١ ساڵە وەکوو "توندترین سزا" لە زیندان دابێت.

"ڕەحیم مەحموودئازەر"، دوو ساڵ لە ماوەی دەسبەسەرکرانی خۆی لە زینداندا، تێپەڕاندووە.