زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

10:59 - 27 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕێبەندان، "سیامەک ئەشرەفی"، زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە لە نامەیەکدا، بۆ نووسینگەی ئەفسەر نگەهبانی بەند، ڕایگەیاندووە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ، مانگرتنی خۆی لە خواردن ڕادەگەیەنێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو زیندانییە سیاسییە پێداگریی لە سەر ئەوە کردووە کە هەتا جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.

بارودۆخی تەندروستیی "سیامەک ئەشرەفی" خەڵکی گوندی "وەلەند" سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری ورمێ، دوای ڕەت‌کردنەوەی داواکاریی ناوبراو بۆ ئازادکردنی بێمەرج و مانگرتن لە خواردن، نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕێبەندان، دەستی داوەتە مانگرتن و ڕایگەیاندووە کە هەتا بە ئەنجام نەگەیاندنی داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.

داواکاریی ئازادیی بێمەرجی ئەو زیندانییە کوردە لەلایەن لقی ٩ی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەت کراوەتەوە

"سیامەک ئەشرەفی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٥، پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە  کوردە، ٣ ساڵ و ٨ مانگە کە لە زیندان دایە.