زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ لە مافی مورەخەسی وەرگرتن بێبەرییە

10:40 - 20 رێبەندان 2719

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "حوسێن عوسمانی" کوڕی "ساڵح"، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ماوەی دەسبەسەرکران و زیندانییکردنیدا، لە مافی هاتنە مورەخەسی بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ٦ ساڵ زیندانیبوونەکەیدا، لە هەرە جۆرە مافی مورەخەسییەک بێبەری بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ساڵێک لە دەسبەسەرکرانی لە ژووری تاکەکەسی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەحمەد جەوادی ‌‌کیا" لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکە بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە"، بە تۆمەتی "دانانەوەی بۆمب و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حێزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی لەسێدارەدانی "حوسێن عوسمانی" لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دادگاییکردنی دووبارەی لە ساڵی ٩٧، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرایەوە و پاش ١١ مانگ لە دەسبەسەری لەو زیندانە و کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرایەوە.