زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە

12:26 - 23 بانەمەڕ 2720

"محەممەد شەریف سالم"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزێـ"ـی ناوچەی مەڕگەوەڕ، بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانیی ورمێ ڕاگوێزراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە وتوویژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، باری تەندروستیی ئەو زیندانییەی نالەبار ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندابوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری ئەو هاووڵاتییە لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٣ ساڵ کەم کرابووە و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چوار ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ش ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.