زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

18:17 - 25 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، بە کەڵکوەرگرتن لە ئازادیی بێمەرج لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی بەفرانبار، "فەخردەین ئاسریس" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلو"، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، پاش تاوتۆێکردنی دۆسییەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، حوکمەکەی بۆ سێ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

هاوینی ساڵی ٩٦، ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسداران لە شاری شنۆ دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی "سەیەدولشوهەدا"ی ورمێ، ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە کوردە، پاش لێپرسینەوە، بۆ بەندی زیندانییانی ئاسایی ڕاگوێزرا.