زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی "مەسجێد سلێمان" مانی لە خواردن گرت

11:16 - 24 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران لە زیندانی "مەسجێد سلێمان"، لە هەمبەر بەڕێ نەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، مانی لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، "چەنگیز قەدەم خێر"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، لە زیندانی "مەسجێد سلێمانـ"ـی خووزستان دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەهەمبەر بێبەریکردنی لە چارەسەریی پزیشکی و ڕەوانە نەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، دەستی داوەتە مانگرن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی "مەسجێد سلێمان" و ناوەندە ئیتلاعاتی و نیزامییەکان، پیش بە گواستنەوەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گرتووە.

"چەنگیز قەدەم خێر"، تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووە و بارودۆخی تەندروستیی باش نییە.

پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەڕێ نەکردنی بۆ مورەخەسیی دەرمانی، دەستی دابووە مانگرتن.

"چەنگیز قەدەم خێر" خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری شاری سنە، لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دەزگای دادوەریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حیزبێكی كوردیدا" بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە.

"مەسجێد سلێمان" لە مەودای ٤٧٠ کیلۆمیتریی شوێنی لەدایکبوونی ئەو زیندانییە کوردەدایە.