زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی مەریوان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

12:23 - 15 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوە، "تەحسین دادڕەس" زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان، لە زیندانی ئەو شارە، بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بەهۆی ئەویکە هاوکاری لەگەڵ ناوەندە حکوومەتییەکانی ڕەت کردبووە لەلایەن جێگری بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان خرابووە ژێر گوشارەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت:  "بۆ چەندەمین کەڕەت، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، لەگەڵ هاتنە مەرەخەسی ئەو زیندانییە کوردە، دژایەتییان کردبوو".

 ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ساڵی ٩٧ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کراوە و لەو ماوەیەدا، لە مافی مورەخەسی بێبەری بووە.

ئێوارەی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، "تەحسین دادڕەس" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەری لە ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە دادگای سەرەتایی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی  و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری، گۆڕدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.