زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی میاندواو ئێعدام کرا

20:17 - 19 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری میاندواو، حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسیی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە ١٩ی خەرمانان، زیندانییەکی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی شاری میاوندواو، لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە، ئێعدام کرا.

شوناسی ئەو زیندانییە کوردە، بە ناوی \"کەماڵ ئەحمەدنژاد\" کوڕی ڕەحیم خەڵکی گوندی \"گامێشگولی\" سەر بە شاری میاندواو ڕاگەیەندراوە.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران، بە ئێعدام مەحکووم کردبوو.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاییزی ساڵی ٩٤ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە ناوەکانی \"هەڵمەت عەبدوڵڵاهی\" ،\"میلاد عەبدی\" ،\"سەعید سیاهی\"، \"سلێمان کری\" و \"مستەفا تەهازادە\"، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبێکی سیاسیی کورد و کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سپا پاسداران دەسبەسەر کرابوون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ٩٥، ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە لە لایەن دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە دادگایی و هەر کامیارن بە ١٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.