زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی سەقز ئازاد کرا

10:49 - 21 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، "ئیقباڵ زارعی"، زیندانیی سیاسیی کورد، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، لەمەڕ دەستێوەردانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەی دەستی داوەتە مانگرتن و بە بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی سقز و دادوەری بەڕێوەبەری سزاکانی ئەو شارە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی مانگرتنی لە خواردن لە زیندان، تووشی خوێنبەربوونی هەناوی و نەخۆشیی چاو ببوو.

"ئیقباڵ زارعی" خێزاندار و خاوەن منداڵە.

ناوبراو ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی سەقز، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.