زیندانییەکی سیاسیی کورد زێدی خۆی بەجێ هێشت

16:23 - 4 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، بەهۆی گوشارەکانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، پەڕیوەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "تاهیر خورشیدی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی کرمان و خەڵکی شنۆ، ئێرانی بەجێ هێشت.

"تاهیر خورشیدی" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "پاش لە هاتنم بۆ مورەخەسی، لە چوونەوە بۆ زیندانی ناوەندیی کرمان خۆم بوارد و هەنووکە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێم".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاند: "دادگای نیزامیی شاری ورمێ و دادگای کرمان، پاش دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی، لەگەڵ هاتنە مورەخەسیی من ڕەزامەندییان دەربڕی".

ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری نەچوونەوەی بۆ زیندانی ناوەندیی کرمان ڕایگەیاند: "بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە بیانووی جۆراوجۆر، زیندانییانی سیاسییان ئازار و ئەشکەنجە دەدا و پاش مانگرتن لە خواردن، لەگەڵ هاتنە مورەخەسیی من ڕەزامەندییان دەربڕی".

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسی دیکە بە ناوەکانی "فاروق شاروێرانی و ئەمیر پەیغامی"، لە هەمبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسی حیفازەتی زیندانی کرمان و گوشار خستنە سەر ئەو سێ زیندانییە کوردە، دەستیان دابووە مانگرتن.

ئەو سێ زیندانییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٩٦، لەلایەن دادگای نیزامیی شاری ورمێ، بە کۆ ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی شاری کرمانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩٦، بە پارێزەرەکانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە، "تاهیر خورشیدی" بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "ئەمیر پەیغامی" بە ٤ ساڵ و "فاروق شاروێرانیـ"ـش بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون. دادگای نیزامیی شاری ورمێ، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی، خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی کرمان دوورخرانەوە و هەروەها ئەمیر پەیغامی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی پووشپەری ئەمساڵ، بۆ زیندانی کرمان دوورخرایەوە.