زیندانییەکی سیاسیی کورد زێدی خۆی بە جێهێشت

11:51 - 30 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامیاران پاش ئازادکرانی لە زیندان، زێدی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "والی درودی" زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامیاران، زێدی خۆی بەجێهێشت و ڕووی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کرد.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەگەڵ عومەر ئیمامی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، لە سەر ڕەزامەندنی ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزد لە زیندان ئازاد کران.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کرا و پاش ١٨ ساڵ زیندانی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٣ هەشت ڕۆژ مەرەخەسی پێدرا.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی گوندی "چرۆسانە"ی سەر بە شاری کامیاران، یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سەرلەنوێ دەسبەسەر کرایەوە.

پاش داوا بەردەوامەکانی "والی دروودی" و بنەماڵەی بۆ بەدواداچوونی حوکمەکەی، لە ئاکامدا کۆمیسیۆنی لێبووردنی دەزگای دادوەری بە کەمکردنەوەی حوکمی زیندانیی "والی" ڕەزامەندیی دەربڕی و حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ کەم کرایەوە.